واشنتۆن ماوەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەر عێراقی لە بەرامبەر مامەڵەکردن لە گەڵ تاران درێژکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمریکا ماوەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەر عێراقی درێژکردەوە، کە لەبەرامبەر مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئێران دانرابوون، ئەم لێخۆشبوونەش رێگە بە بەغدا دەدات بەردەوام بێت لە کڕینی کارەبا و گاز لە تاران.

کاربەدەستانی ئەمریکی درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە بە عێراق دراوە بۆ لێخۆشبوون لە گەمارۆکانی پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی 4 مانگی دیکەیان راگەیاند، ئەمەش رێگەی پێدەدات بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی وزە لە تارانەوە.

ئەم درێژکردنەوەیە سەرەڕای ئاستی بەرزی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا لە پاشخانی ململانێکانی غەززەدا دێت، هەروەها دەستڕاگەیشتنێکی سنووردار بۆ ئێران دابین دەکات لە داهاتەکانی کڕینی کاڵا مرۆییەکان.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا واژۆی لەسەر ئەو بڕیارە کردووە، کە بۆ ماوەی 120 رۆژ درێژکردنەوەی دەستبەرداربوون لە عێراق لەخۆدەگرێت و دوێنێ سێشەممەش رەوانەی کۆنگرێس کراوە.

پێدەچێت ئەم هەنگاوە رەخنەی یاسادانەرانی دژبەری سیاسەتەکانی تارانی لێبکەوێتەوە، کە پێیان وایە ئەم درێژکردنەوە وەک پاداشتێکە بۆ ئێران، لە کاتێکدا کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر هێزە ئەمریکییەکان لانیکەم 55 لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق هێرشیان کراوەتە سەر.

لە ئێستادا نزیکەی 10 ملیار دۆلار پارەی عێراقی بۆ کارەبای ئێران لە حیساباتی ئیسکرۆ لە عێراقدا هەڵگیراوە و درێژکردنەوەی هاوردەی کارەبای ئێران رێگە بە بەغدا دەدات درێژە بە کڕینی وزە لە ئێران بدات، بەبێ سڵەمینەوە لە پێشێلکردنی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون.

هەروەها ئەم بڕیارە بڕگەیەک بە کارایی دەهێڵێتەوە، کە بەپێی ئەو بڕگەیە دەتوانرێت بەشێک لە داهاتی کارەبا بگوازرێتەوە بۆ حیسابەکانی عومان و دواتر بگۆڕدرێت بۆ یۆرۆ یان دراوی دیکەی بازرگانی بۆ کڕینی بەرهەمە بێ سزاکان بۆ ئێران.

ئەو بەرپرسانە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسیان وتووە، بلینکن ئەو دەستبەرداربوونەی واژۆ کردووە چونکە ئیدارەی وڵاتەکەی نەیویستووە عێراق لە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بێبەری بکات.

لە هەمان کاتدا، دەڵێن، ئیدارەی وڵاتەکە دڵنیایە لەوەی ئێران ناتوانێت هیچ کام لەو پارانە بۆ مەبەستی دوژمنکارانە بەکاربهێنێت، پرۆسەیەکی پشکنینی توند هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پارە تەنها بۆ خۆراک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و کەلوپەلی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر