شکستپێهێنانی هەوڵێکی هەڵهاتن لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی بەرپرس لە پاراستنی کامپی هۆل، لە گوندەواری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، هەوڵێکی هەڵهاتنی مێردمنداڵێکی ماڵباتەکانی ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان شکستپێهێنا.
هەر دوێنێش کامپەکە گرژیی ئەمنیی بەخۆیەوە بینی، لەدوای ناڕەزایەتیی ژنانی ئەندامانی داعش، کە داوای ئازادکردنی مێردە دەستبەسەرکراوەکانیان لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاندووە، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ کە دایکی بە رەچەڵەک تاجیکییە، ویستوویەتی لە ڕێگەی حەشارگەیەکی نهێنیەوە هەڵبێت، کە لە یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا درووستکرابوون، کە چوونەتە نێو کامپەکەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان توانیان ئەو هەوڵە پووچەڵ بکەنەوە.
بەپێی راگەێنراوێکی پێشووی کارگێڕانی هۆل، کامپەکە بەردەوام هەوڵی هەڵهاتنی ژنانی ئەندامانی داعش بەخۆوەدەبینێت و زۆربەی هەوڵەکانیش هاوکاتن لەگەڵ پەرەسەندنەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان.
لەبەر “هۆکاری ئەمنی”، سەرچاوە ئەمنییەکە هیچ زانیارییەکی دیکەیان سەبارەت بە ناسنامەی ئۆتۆمبێلەکە و چۆنیەتی پلانەکە بۆ هەڵاتن لە کامپەکە نەخستووەتەڕوو.