لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 55 هێرش لە سوریا و عێراق كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا
هەولێر – نۆرس پرێس
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا گروپە چەكدارەكان لە سوریا و عێراق 55 هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، دژی هێزەكانی ئەمەریكا ئەنجامداوە، بەهۆیەوە 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوونە.
سابرینا سینگ، وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تا ڕۆژی دووشەممەی رابردوو ژمارەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بۆ 55 هێرشبەر بەرزبووەتەوە و تا ئێستا 59 سەرباز برینداربوونە.
بەپێی ئەوەی پنتاگۆن باسی دەکات 27 هێرش لە عێراق و 28 لە سوریاوە ئەنجام دراون، لە 17 ی تشرینی یەكەمەوە، واتە نزیکەی هەفتەیەک دوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە غەززە. دواتر پنتاگۆن هێزی پشتیوانی و یەکینەکانی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەکەدا جێگیرکرد بۆ پاراستنی ئەو بنکانەی کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە، هەروەها سێ هێرشی بۆ سەر دامەزراوەکانی “سەربازی ئێران” لە سوریا ئەنجامداوە.
پنتاگۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بەهێزکردنانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی داوە، رێگری دەكات لە زیادبوونی ململانێیەكان و یارمەتی پاراستنی ئەو هێزانەی دەدات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان.
سینگ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هێرشەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە میلیشیاکان لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر ڕابگرن وتی: ئێستا ئامادەیییەکی زۆر بەهێزمان لە ناوچەکەدا هەیە، پێموایە ئەمە پەیامێکی زۆر بەهێزی ڕێگریکردن دەنێرێت، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە لەو کات و شوێنەی دەمانەوێت وەڵامی هێرشەكان بدەینەوە.