ناڕەزایی خێزانی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆڵ، گرژی ئەمنی لێكەوتەوە

حەسەكە – نۆرس پرێس

کەمپی هۆڵ لە گوندەواری حەسەکە لە رۆژئاوای كوردستان،  شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەوە گرژیی ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی خێزانی ئەندامانی داعش ناڕەزاییان دەربڕیوە.

سەرچاوەیەک لە کەمپی هۆڵ بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوێنێ لە کەمپەکە هاوسەری ئەندامانی داعش ناڕەزاییان دەربڕیوە و  داوای ئازادکردنی پیاوەكانیان كردوون کە لە زیندانەکانی هەسەدە دەستبەسەرن.

کەمپی هۆڵ، لە بەشی “ژنانی کۆچبەر”، ژنی ئەندامانی ڕێکخراوی داعشی لەخۆدەگرێت کە لە دەرەوەی سوریاوە هاتوون. لە چەند بۆنەیەکیشدا بەڕێوبەری خۆسەری داوا لە وڵاتانی بیانی كردووە هاووڵاتییەکانیان لە مەترسیدارترین كەمپی جیهان وەربگرنەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکان ناڕەزایەتیەکەیان دامركاندووەتەوە و لە دوێنێوە چەندین گەڕانیان ئەنجامداوە بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی گوماناوی ناو کەمپەکە.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنەوەی: ڕوبین عومەر