لە سێ رووداوی بەئامانج کردندا لە دێرەزوور قوربانی کەوتەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە لە سێ رووداوی جیاوازدا لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، کەسێک کوژرا و پێنجی دیکەش برینداربوون کە ئەندامێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نێویاندا هەبوو.
سەرچاوەیەک له شارۆچکەی کشکییە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە سواری ماتۆڕسکیلەوە، تەقەیان لە گەنجێک بە ناوی “حەسەن ئەلغەزالی” ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەلغەزالی” دوای برینداربوونی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نوور لە شارۆچکەی ئەبوحەمام لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و ئێستا “تەندروستی باشە”.
هەروەها کەسێک بە ناوی “نادر ئەلمحەممەد” لە شارۆچکەی ئەلحەجنە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە بریندار کراوە، کە لە کاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانیدا کراوەتە ئامانج و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری رەققە، و بەپێی سەرچاوەکە لە “دۆخێکی تەندروستی ناجێگیر”دایە.
هاوکات، لە شارۆچکەی زیبان، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور،لە نێوان ئامۆزاکانی هۆزی ئەلعەگیداتدا و لە شەڕێکی خێڵەکیدا، گەنجێک بە ناوی “مەناف ئەلخەیر” کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.