ئەمریکا پێگەکانی “ئێران” لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومان دەکات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، بە گوتەی لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەروەها وردەکارییەکانی دیکەش، کە لەلایەن سەرچاوە سەربازییەکانەوە بە نۆرس پرێسیان رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێگەکانی سەر بە سوپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە ناوچەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، لە هەڵمەتەکانی دوێنێ ئێوارەدا دامەزراوەیەکی مەشق و راهێنان و بارەگایەکی ئەمنی لە نزیک شارەکانی بوکەمال و ئەلمەیادین کراونەتە ئامانج.

سەرچاوەیەک لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هەڵمەتەکان بارەگایەک و دوو کۆگای چەکی میلیشیا ئێرانییەکانیان لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە دوو هەڵمەت، گەورەترین کۆگای چەکی پاسدارانی ئێرانیان لە چواردەووری شارۆچکەی ئەلسیال لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور کردە ئامانج ، کۆگاکە بەتەواوی تێکشکێندرا و دەنگی تەقینەوەکان بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوون.

هەروەها فڕۆکەکانی ئەمریکا، لە گوندەواری بوکەمال لە نزیک سنووری سووریا و عێراق لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، پێگەیەکی لۆجستی بزووتنەوەی نوجەبای لایەنگری ئێرانیان کردە ئامانج.

بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لەو هەڵمەتانەدا 9 ئەندامی سوپای پاسداران و میلیشیا دڵسۆزەکانیان کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئەم هەڵمەتانە بۆ سێیەم جارە، کە گروپە ئێرانییەکان لە رۆژهەڵاتی سووریا دەکەنە ئامانج، ئەویش لە پاشخانی ململانێکانی غەززەدا، کە لە ناوچەکە پەرەی سەندووە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی: “سەرۆک بایدن، سەلامەتی کارمەندانی ئەمریکی بە کاری لە پێشینەی باڵا دادەنێت و ئەو کارەی ئەمڕۆش بۆ ئەوەیە کە روون بێتەوە کەوا ئەمریکا بەرگری لە خۆی و کارمەندەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات.”

جگە لەوەش، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، رایگەیاند، “ئەو بەئامانج کردنانە لە وەڵامی ئیستفزازی بەردەوامی سوپای پاسدارانی ئیسلامیی ئێران و گروپەکانی سەر بەوانە لە عێراق و سووریا و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی و کارمەندەکانی و بەرژەوەندییەکانی”.

هێرشەکانی شەوی یەکشەممە، لە وەڵامی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق لە چەند هەفتەی رابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی پنتاگۆن، لەوەتەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردووە، بریکارەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو بنکانەی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە سەرانسەری ناوچەکە پەرەپێداوە.

دوێنێ یەکشەممە، “مقاوەمەی ئیسلامی” لە رێگەی ژێدەرە ئەلیکترۆنییەکانیەوە رایگەیاند، کە بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیەی کە بۆ نۆرس پرێس قسەی کردووە، باسی لەوە کردووە، دوای بەئامانجگرتنەکان، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بارەگاکانیان چۆڵ کردووە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر