ئیدلب – نۆرس پرێس
ئیدلب کە لەژێر کاریگەری ده‌سته‌ی تەحریر شام (بەرەی نوسرە)ی پێشوودایه، ناوچەکە رووبه‌ڕووی بەکارهێنانی بەربڵاوی ماددە هۆشبەر بووه‌ته‌وه. لەماوەی ته‌نیا دوو ڕۆژدا، سێ هەوڵی خۆکوشتنی هەرزەکاران تۆمارکراوه بەهۆی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی کارگێڕی لە دیفاع مه‌ده‌نی لە ئیدلب بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کچێك به ناوی ڕەهه‌ف عەلی (15 ساڵ)، لە شاری ئیدلب ئێوارەی دوێنێ دوای خواردنی جۆره حەبی غاز، هەوڵی خۆکوشتنی داوە . لەم دواییانەدا چەندین ڕاپۆرتی پزیشکی باس لەوە دەکەن ئه‌م حه‌به وەک ئامرازێک بۆ خۆکوشتن بەکارهاتووە، ڕێژەی مانەوەی لەسەدا پێنج تێپەڕناکات.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی تر رایگه‌یاندووه گه‌نجێكی تر به‌ناوی بەسام مەلاوی (17 ساڵ) له كه‌مپێكی باکووری ئیدلب و یه‌كێكی دیكه به ناوی محەممەد ئەمون (18 ساڵ) لە شارۆچکەی سەرمەدا لە باکووری ئیدلب بە هەمان شێوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م، له کاتی پشکنینی پزیشکی له نه‌خۆشخانه‌کان، ده‌رکه‌وتووه که ڕێژه‌ی ئاڵووده‌بوون به ماده هۆشبه‌ره‌كان به تایبه‌ت “کریستاڵ” پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی پشت هه‌وڵی خۆکوشتنه‌كانه .
بەپێی سەرچاوەکە بەرەی نوسرەی توندڕەو ناوچەکانی ئیدلب بەڕێوەدەبات، بەڵام ناوچەکە رووبه‌ڕووی بەکارهێنانی بەربڵاوی ماددە هۆشبەرەکان و نەبوونی سەنتەری تایبەت بە چارەسەری ئاڵوودەبووان بووه‌ته‌وه.