بەغدا و هەولێر گفتوگۆ لەبارهی هەناردەکردنهوهی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ یەکشەممە، حهیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، خواستی بەغدای بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنهوهی نهوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد لەو بارەیەوە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا کراوە.
حهیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، گەیشتە ههولێر و لەگەڵ کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان بهوهكالهت و ژمارەیەک بەرپرس کۆبووەوە.
ئەم سەردانە وەک درێژەپێدەری ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لە بەغدا ئەنجامدراوه بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی کارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی كوردستان.
وەزیری نهوتی عێراق دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکانی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ بودجەی فیدراڵی.
لەم بارهیهوه، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری وەزیری نهوتی عێراقهوه ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکهن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەكانی بواری نهوت کە لە کوردستان کاردەکەن، بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ ڕۆژدا بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
عەبدولغەنی ئاشکرای کرد کە عێراق گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ههرێمی كوردستان.
ههروهها سێشەممەی ڕابردوو کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە بەدواداچوون بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات دەکات.
لای خۆشیهوه وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووه، مارک سترۆ کونسوڵی گشتی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژهی بهوهكردووه، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نهوتی ههرێمی كوردستان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتی گشتی لە هەرێم بەجێهێشتووه.