بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک دەربارەی غەززە..مەکگۆڕک گەشتێک بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، ماڵپەڕێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، برێت مەکگۆرک، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، لە بەرامبەر دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی یان تەنانەت دابینکردنی سووتەمەنی بۆ غەززە، گەشتێک بۆ ناوچەکە دەکات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”، بڕیارە لەم هەفتەیەدا مەکگۆرک گەشت بکات بۆ ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی غەززە و هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکانی بزووتنەوەی حەماس و چوار هاووڵاتی دیکەی ئیسرائیلی و ئەمریکی.

گەشتەکەی مەکگۆرک بەشێکە لە پەیامی بەردەوامی ئیدارەی بایدن بۆ لایەنە سەرەکییەکان بە ئامانجی تەشەنە نەسەندنی ململانێکان و رێگریکردن لە شەڕی ناوچەیی و بەدەستهێنانی رێککەوتنی رادەستکردنەوەی بارمتەکان، کە راگرتنی درێژخایەنی شەڕ لە غەززە لەخۆدەگرێت.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مەکگۆرک لە رێگەی خۆیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە برۆکسل لادەدات، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانانی ئەوروپی سەبارەت بە شەڕی غەززە.

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، بڕیارە ماکگۆرک، رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل بکات و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی و هەواڵگری ئیسرائیل کۆببێتەوە، هەروەها بڕیارە سەردانی سعودییە، ئوردن و قەتەریش بکات.

قەتەر رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نێوەندگیری نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، حەماس و ئێراندا، سەبارەت بە پرسی بە بارمتە گیراوەکان.

سەبارەت بەو گەشتە، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لە گرنگترین و دیارترین دۆسیەکان، کە باسی لێوە دەکرێت گەیشتنە بە رێککەوتنێک، بۆ ئازادکردنی نزیکەی 80 ژن و منداڵ، کە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری رابردوودا لەلایەن حەماسەوە رفێندرابوون.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئەو فەلەستینیانەی لە زیندانەکانیدا دەستبەسەرکراون ئازاد دەکات، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تێوەگلاوییان لە هێرشکردنە سەر سەربازان یان خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا، سزا دراون.

لە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە، سەرنجی بایدن و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی تاڕادەیەکی زۆر لەسەر شەڕی غەززە بوو، بەگوێرەی هەمان ماڵپەڕ، بایدن رۆژانە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی کۆدەبێتەوە و هەندێکجاریش لە رۆژێکدا چەند جارێک بۆ هەماهەنگی هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە، کۆدەبێتەوە.

مەکگۆرک بە هاوکاری جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەشدارییەکی زۆری لە هەوڵەکانی ئازادکردنی بارمتەکاندا کردبوو، کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون، رۆژانە چەندین پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری و میسریدا دەکرد.

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت رێگەدان بە ناردنی سووتەمەنی بۆ غەززەش لەخۆبگرێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە تەنها بیرۆکەیەکە و مەرج نییە بەم نزیکانە بگەن بەو رێککەوتنە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر