کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا لە ئەوروپا، درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی بەهۆی “رووداوێکەوە” لەکاتی مەشق و راهێناندا، لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەوتووەتە خوارەوە.

سوپای ئەمەریکا جۆری فڕۆکەکە و شوێنی وردی ئەو فڕۆکەیەی دیاری نەکردووە کە تێیدا فڕیووە.

راگەێنراوەکەی فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەوروپا ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئۆپەراسیۆنی مەشق و راهێنانی ئەنجام دەدا، “روبەڕووی رووداوێکی ناخۆش بووەتەوە و کەوتووەتە خوارەوە”.

لە راگەێنراوەکەی ئەمریکادا زانیاری لەبارەی چارەنووسی تیمی فڕۆکەوانییەوە نەخراوەتەڕوو.

بەڵام ئەوەی فەرماندەیی ئەمریکا “بە یەکلاکەرەوە” پشتڕاستی کردەوە ئەوەیە کە فڕینی فڕۆکەکە تەنها پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەوە هەبووە و هیچ ئاماژەیەک بۆ چالاکیی دوژمنکارانە نەبووە، ئاماژەشیان بەوەشکردووە کە “هۆکاری رووداوەکە لە ئێستادا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر