لوتکەی نائاسایی عەرەبی – ئیسلامی باس لە بارودۆخی دانيشتوانى غەززە و چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

لوتکەی نائاسايى عەرەبی – ئیسلامی سەبارەت بە ململانێی بەردەوام لە غەززە ئه‌مڕۆ شەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە دەستیپێکرد و سەرکردەکان تیشکیان خستە سەر ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەری دوو دەوڵەتی.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەى لە غەززە ڕوودەدات، دوای ڕاوێژی سعودیە لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاريكارى ئیسلامی، بڕیاردرا لوتکەی هاوبەشی نائاسایی عەرەبی – ئیسلامی لە ڕیاز بەڕێوەبچێت.

بڕیاريش بوو ئەمڕۆ لوتکەی ڕێکخراوی هاريكارى ئیسلامی بە جیا بەڕێوە بچێت.

لوتکەکە بە وتارێکی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی و شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و دواتر شاى ئوردن دەستی پێکرد.

سەرکردەکان لە وتارەکانیاندا تیشکيان خسته‌ سەر بارودۆخی خەڵکی سڤیل و قوربانیانی ململانێکان.

محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و شەڕه‌ بەردەوامه‌ی کرد و وتی وڵاتەکەی لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە هەوڵی بێوچان دەدات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، هەروەها بەردەوام بووە لە ڕاوێژ و هەماهەنگی بۆ وەستاندنی شەڕ و دابینکردنی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی سڤيل و ئازادکردنی  بارمتەكان.

لای خۆیەوە، ئەحمەد ئەبولغیت، سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، هیوای خواست هێرشه‌كانى سەر غەززە كۆتاييان پێ بێت.

ناوبراو ڕەتیکردەوە پرسەکانی غەززە لە کەناری ڕۆژئاوا یان قودسی ڕۆژهەڵات جيا بكرێته‌وه‌، ئەمەشى بە پێشێلکردنی ڕوونی ياساى نێودەوڵەتی زانی. هەروەها داوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ڕێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی كرد بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕێگای چارەسەری دوو دەوڵەتی.

سه‌ره‌ڕاى کارەکانی لوتکەکە و وته‌ى سه‌ركرده‌كان به‌ڵام نازانرێت ئایا ئەو دوو لووتکەیە ئەنجامی ڕاستەقینەی لێدەکەوێتەوە کە توانای وەستاندنی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلى لە غەززە هەبێت یاخود نا.

ئامادەکردن و دارشتنه‌وه‌ى: هۆزان زوبێر