دەیان خێزانی داعش کەمپی هۆڵ بەجێدەهێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ موسل

حه‌سه‌كه‌ – نۆرس پرێس

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا خێزانە عێراقییەکانی داعش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی کەمپی هۆڵی باشووری شاری حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان بەجێبهێڵن و بگوازرێنه‌وه‌ کەمپی جه‌دعه‌ی شاری موسڵ.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە کەمپەکە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ژمارەی ئەو خێزانانەی له‌ كه‌مپی هۆڵ بەجێدەهێڵن 199 خێزانن کە 776 کەسن و خەڵکی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عێراقن، کە 47 خێزان خه‌ڵكی سەڵاح الدین، 50 خێزان نەینەوا ، ئەنبار 85، کەرکوک 7، بابل 2، و بەغدا 8 خێزان.

دووشەممەی ڕابردوو، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئه‌عره‌جی، لە میانی “کۆنفرانسی حه‌وت باڵیۆزه‌كه‌” لە بەغدا ڕایگەیاند: 11 كاروانی خێزانه‌ عێراقییه‌كانمان له‌ كه‌مپی هۆڵی بۆ كه‌مپی جه‌دعا گواستۆته‌وه‌، كه‌ له‌  1567 خێزان پێكهاتبوون.

ئەم كواستنه‌وه‌یه‌ بە پێی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و فەرماندەیی ئاسایشی عێراق و به‌رێوبه‌رایه‌تی کەمپەکە و بە سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، پێشتر ١١ كاروانی هاوشێوه‌ كواستراونه‌ته‌وه‌.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنه‌وه‌ی: ڕۆبن عومەر