پنتاگۆن باس لە کاریگەریی هێرشەکان دەکات بۆ سەر پێگەکانیان لە عێراق و سووریا
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، گومانیان لە پەیوەندی نێوان ئێران و ئەو لایەنانەدا نییە کە هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق ئەنجام دەدەن، ئاماژەیان بۆ خۆرێکخستنەوەی سەربازییان کرد لە ناوچەکە، بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، کە “زیانێکی بەرچاوی نەبووە”.
ئەمە لە لایەن سابرینا سینگ، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆنەوە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەێنرا، کە تیایدا پرسەکانی پەرەسەندنی ململانێکان لە غەززە و ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە دڵسۆزەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، روونکردەوە.
سینگ لە درێژەی گوتەکانیدا وتی: ئێمە دەزانین کە ئێران ئامادەکردن و پاڵپشتی دارایی ئەو گرووپانە دەکات کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراق و سووریا.
گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بانگەشەی ئەو هێرشانە دەکات، کە بە تایبەتی بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر و تەنەف لە سووریا دەکەنە ئامانج، جگە لە شوێنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.
سینگ رایگەیاند، هێرشەکان کەمێک زیادیانکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گەورە و بەرچاو بە ژێرخانی ئابووری نەگەیشتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە وەزیر ئۆستین بڕیاری دانانی بەرگری ئاسمانی زیاتری لە ناوچەکە داوە، بۆ یارمەتیدان و پاراستنی ئەندامانی خزمەتگوزاری ئەمریکی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.
لە کاتێکدا ناوچەکە پەرەسەندنی هێرشەکان بەخۆوە دەبینێت، کە لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دەدرێن، ئامانجی ئەمریکا، وەک لەلایەن پنتاگۆنەوە پشتڕاستکراوەتەوە، “دڵنیابوونە لەوەی کە بازنەی ئەم ململانێیە باڵ نەکێشێت بۆ دەرەوەی ئیسرائیل و فراوان نەبێت”.
سینگ گوتی: “لە ئێستادا رێگریکردن بەهێزە، ئێمە پەیامێکی هۆشداری بەهێز دەنێرین بۆ هەر کاراکتەرێکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی کە بیەوێت دەستوەردان لە ململانێکان بکات”.
لای خۆیەوە، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، سەعید ئێرانی، رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ” لە چەند هەفتەی رابردوودا هەرگیز بەشداریی لە هیچ هێرش و چالاکییەکدا نەکردووە دژ بە هێزە ئەمریکییەکان، کە لە ناوخۆی عێراق و سووریا جێگیرکراون”.
ئێرانی گوتی: بوونی ئێران لە سووریا “بەتەواوی یاساییە و لە وەڵامی داواکاریی حکوومەتی ناوەندی لە دیمەشق هاتووە”، داوای لە واشنتۆن کرد وەک “هێزێکی داگیرکەر” لە سووریا بکشێتەوە.
سەبارەت بە سروشتی وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەکان، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، سابرینا سینگ، رایگەیاند: “هیچ دوودڵییەک نییە، بەڵکو بڕیار دەدەین و کات و شوێنی پێویست هەڵیدەبژێرین بۆ وەڵامدانەوە (..) ئێمە مامەڵەی ستراتیژی دەکەین و هەنگاوی کردەیی دەگرینەبەر، من ئەوەم بینی کە لە 26ی ئۆکتۆبەردا کاتێک ئێمە لە خاڵە سەرەکییەکانی ژێرخانی ئەم گروپانەمان دان، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن”
پنتاگۆن ئاشکرایکردووە، تا ئێستا لانیکەم 40 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 22 یان لە عێراق و 18 یان لە سووریا ئەنجامدراون.