میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دەست بەسەر ژمارەیەک تەنکەری نەوتی هاوڵاتیانی گرێ سپی دەگرن
گرێ سپی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، میلیشیای “سوڵتان موراد”ی سەر بە تورکیا هەڵیانکوتایە سەر گۆرەپانی بازاڕی سووتەمەنی لە شارۆچکەی سلۆکی باشووری گرێ سپی و دەستیان بەسەر حەوت تەنکەری پڕ لە نەوت گرت کە بۆ دابەشکردنی سەر هاوڵاتیانی ناوچەکە دانرابوون.
ڕووداوەکانی دزین و تاڵانکردنی کەرەستە و سوتەمەنی هاوڵاتییانی ناوچەکە، بەردەوامە لە ناوچەکانی ژێردەسهەڵاتی میلیشیاکانی تورکیا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ناوبەناو خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرش و دەستگیرکردن دەبنەوە.
ئەندامێکی ئەنجومەنی سلۆک بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “میلیشیای سوڵتان موڕاد دەستیان بەسەر 800 بەرمیل گازۆیل و بەنزین گرتووە کە تایبەتکرابوون بۆ خەڵکی ناوچەکانی سلۆک و گرێ سپی، ئەمەش قەیرانی سوتەمەنی لە ناوچەکە زیاتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو گروپی چەکداری سەر بە تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر بازاڕی سوتەمەنی لە شارۆچکەی سلۆک و دەستیان بەسەر حەوت تەنکەری سوتەمەنی و شوفێرەکانیان گرت و سوتەمەنییەکان گواستووەتەوە بۆ کۆگای ئەو گروپانە.