قوەجەوییە لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە یانەکەی بنزیمای بردەوە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی چوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیا، دوێنێ دووشەممە هەردوو یانەی قوەجەوییەی عێراقی و یانەی ئیتیحادی سعودی لە یاریگەی فرانسۆ ھەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان رووبەڕوو بوونەوە.
یاریەکە لە کەشێکی ئارام و بە بەشداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھاندەران لە نێو یاریگاکەدا، کە لە شارە جیاوازەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە بوون، بەڕێوەچوو.
هەرچەندە چەندین ئەستێرەی ناوداری جیهانی لە ریزەکانی یانەی ئیتیحادی سعودییەدا بوونیان هەیە، وەک “کەریم بنزیما”ی ئەستێرەی پێشووی ریاڵ مەدرید و “کانتێ”ی فەڕەنسی و “فابیانۆ”ی بەرازیلی، بەڵام لە سەرەتای یارییەکەوە قوەجەوییە بە توانایەکی باشەوە دەرکەوت و تا کۆتا یاریەکەش بەردەوام باڵادەستی یاریگاکەی لە بەرژەوەندی خۆی پاراست و توانییان بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوتنێکی گەورە لە بەرامبەر یانە میوانەکەدا تۆمار بکەن.
بەو ئەنجامەش قوە جەویە سەرکەوت بۆ پلەی دووەمی کۆمەڵەی سێیەم و یانەی ئیتیحادیش لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیدا مایەوە.