بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە فڕۆکەخانەی هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بە سێ درۆنی هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دووانیان لە ئاسماندا تەقێندرانەوە و یەکێکی دیکەیان بێ ئەوەی بتەقێتەوە کەوتە خوارەوە”.

بە گوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە بە ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، پاش هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەیەک راگیران، بەڵام دواتر سەرجەم گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکە دەستیانپێکردەوە.

ئێوارەی دوێنێ، جەنەڕاڵ پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە خزمەتگوزارییەکان لە سووریا و عێراق گەیشتووەتە 38 هێرش، کە 20یان لە عێراق و 18 هێرشیان لە سووریا ئەنجامدراون.

بە گوتەی پنتاگۆن، لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بە هۆی ئەو هێرشانەی “مقاوەمەی ئیسلامی”ەوە لانیکەم 45 سەربازیان لە سووریا و عێراق بریندار بوون.