لە گوندەواری دێرەزوور هێرش کرایە سەر بارەگاکانی “هەسەدە”
دێرەزوور – نۆرس پرێس
نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە/دووشەممە، چەکدارانی سەر بە هێزەکانی حکومەت بە هاوەن و تۆپ لە کەناری رۆژئاوای فوراتەوە هێرشیان کردە سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە هێزەکانی حکومەت و میلیشیا ئێرانییەکان کۆنترۆڵی دەکەن.
دوێنێ یەکشەممە، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبو حەمام لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون و منداڵێکیش گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” رایگەیاند، چەکدارانی “رژێمی سووریا” بارەگاکانی هێزە سەربازییەکانیان، لە نزیک کەناری فورات لە شارۆچکەکانی ئەلحەوایج و زیبان، کردووەتە ئامانج، ئەمەش پاش تۆپبارانی “توند”ی هاوەن و تۆپخانەکان هات، کە ماڵە سڤیلەکانیان لە هەردوو شارۆچکەکە کردە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تۆپبارانەکان زیانی ماڵییان بە ماڵەکان گەیاندووە، هەروەها بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان بۆ ناوچە دوورەکان لە شارۆچکەکەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، شەڕ و پێکدادانی “توند” لەنێوان چەکداران و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا روویداوە، کە هێرشبەرەکانیان ناچارکردووە هەڵبێن، دوای ئەوەی تەقەمەنیەکانیان تەواو بووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، زیانەکانی سەر بارەگاکە تەنها لە ماڵیدا سنوردار بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.