هێرشە نوێکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بنکەی سەربازی “تەنەف”ی لە باشووری سووریا لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن کردە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خێرایی هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە سووریا و عێراق لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل مانگێک لەمەوبەر، پەرەی سەندووە.
لە لایەکی دیکەوە، درەنگانی دوێنێ شەوی یەکشەممە، گرووپی “زافرەین” کە گرووپێکی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر بنکەی ئەمریکی “عەین ئەسەد” لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق راگەیاند و گوتی: “ئەمشەو موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق (گرووپی زافرەین) بە چوار مووشەک چەند ئامانجێکیان لە بنکەی ‘عەین ئەسەد’ کە هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکای تێدایە و هێرشبەرەکان بەسەلامەتی گەڕاونەتەوە.”
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی تەنەف بە پەیامنێری نۆرس پرێسی لە کامپی روکبان راگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەرچاوە نادیار بنکەی تەنەفیان کردووەتە ئامانج.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنەکە رانەگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە.
جگە لەوەش میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە هەوڵیداوە بنکەی تەنەفی ئەمریکی بکاتە ئامانج، خراوەتە خوارەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە هەوڵیداوە بنکەی “عەین ئەسەد” لە رۆژئاوای عێراق بکاتە ئامانج، خراوەتە خوارەوە، گوتیشیان ئەمە دووەم هێرش بووە بۆ سەر بنکەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.
دوێنێ یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای کرد و هۆشداری دا بە حکومەتی عێراق لە زیاد بوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە و گوتی، “ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون. نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینە بەر”.