عێراق دەستگیرکردنی 19 ئەندامی داعشی لە ماوەی مانگی ڕابردوو ڕاگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، هێزە عێراقییەکان ڕایانگەیاند، لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا توانیویانە 19 ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە چه‌ند پارێزگایه‌ك دەستگیر بکەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ،تیایدا هاتووه‌ لە درێژەی هەوڵەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ بەدواداچوونی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش، هێزەکانیان توانیویانه‌ لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا و دوای هەوڵێکی هەواڵگریی یەکلاکەرەوە 19 تیرۆریست لە کەرکوک، نەینەوا، بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەددین، و دیالە دەستگیربکەن.


وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە دوای تۆمارکردنی وتەکانیان، تۆمەتباران ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزای خۆیان وەرگرن.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی