
تورکیا گوندەواری قامشلۆ تۆپباران دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
پاش نیوەشەوی دوێنێ شەممە، هێزەکانی تورکیا گوندەکانی گوندەواری شاری قامشلۆیان لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد.
شایەتحاڵەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، تۆپخانەکانی تورکیا بە چوار موشەک گوندی رۆتانیان لە گوندەواری ترپەسپی، گوندی تل زێوانیان لە گوندەواری قامشلۆ، گوندی ئەلکەرامە و دەوروبەری گوندەکانی ئەلبەهیرە و جەرناخیان لە لادێی عامودا لە رۆژئاوای قامشلۆ کردە ئامانج.
بۆردومانەکە دەوروبەری کارگەی ئەلحسا (کانگاکە)ی لە گوندی کەرامەی کردۆتە ئامانج و شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەنها زیانی ماڵی لە بۆردوومانەکە کەوتووەتەوە.
پێنجشەممەی رابردووش تۆپخانەکانی تورکیا بە سێ گولـلە تۆپ دەوروبەری خاڵێکی سوپای سووریایان لە گوندەکانی مەلا عەباس و تل خاتون لە لادێی شارۆچکەی ترپەسپی و گوندی تل زێوان لە گوندەواری قامشلۆ بە تۆپ بۆردومان کردووە.
پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، دوای نیوەشەوی دوێنێ شەممە لە کەرتی سنووریی لەگەڵ تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان گەڕانی چڕی فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا بەدیکراوە.