چاوشئۆغلۆ: تورکیا هیچ مەرجێکی پێشوەختی نییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا مەرجی پێشوەختی نییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا.

وتە یەک لەدوای یەکەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا پەرەسەندنی بەرچاوی هەڵوێستی ئەنکەرە پیشان دەدات بەرامبەر بە حکومەتی سوریا، ئەوەش دوای زیاتر لە دە ساڵ ململانێ، لەو ماوەیەدا تورکیا پشتیوانی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد کە دەیانوت ئەوان هەوڵی ڕووخاندنی حکومەت دەدەن.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چاوشئۆغڵو وتی، “پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق ئامانجدار بێت”

وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەچرەکانی ئەمدوایەی هێزەکانی تورکیا بە درۆن و هاوەن و موشەک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، وەزیرەکەی دەرەوەی تورکیا وتی: “ئۆپەراسیۆنەکانمان لە سوریا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندایە”

ئەمە جگە لەوەی رایگەیاند کە: “سوریا ناتوانێت شەڕی دژ بە تیرۆر بکات لە وڵاتەکەیدا، بۆیە ئێمە بۆی دەکەین”

لە كاتێكدا سەركردەکانی گروپە دڵسۆزەكانی توركیا هەڵوێستیان بەرامبەر بە نزیكبوونەوەی نوێی توركیا دەرنەبڕی، ئەمەش مشتومڕ و توڕەیی بەربڵاوی لای ئۆپۆزسیۆن و جەماوەرەكەی لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەو گروپانە، لێكەوتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێویستیی ئاشتەوایی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حکوومەتی سووریای دووپاتکردەوە، هاوکات هەڕەشەی “شکاندنی ئەو دەستانە”ی کرد کە “دەستدرێژی بۆ سەر ئاڵای وڵاتەکەی دەکەن”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی باکووری سووریا لە دژی لێدوانەکانی.