گروپی ڤاگنەر پلان دادەنێت بۆ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان
دیمەشق – نۆرس پرێس
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی و تۆڕی “سی ئێن ئێن”دا ئەوەخراوەتەڕوو، کە گروپی “ڤاگنەر”ی رووسی بەنیازە سیستمێکی بەرگری ئاسمانی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بنێرت و رایانگەیاندووە کە “رژێمی سووریا دەستی لەم کارەدا هەیە”.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستیانەوە، کە پشتیان بە راپۆرتی هەواڵگری بەستووە، کە گروپەکە پلانی هەیە سیستەمی SA-22ی رووسی بینێرێت، کە پشت بە بەکارهێنانی مووشەکی دژە فڕۆکە و تۆپی بەرگری ئاسمانی دەبەستێت بۆ رێگریکردن لە هێرشی فڕۆکەکان.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، کە واشنتۆن هێشتا ناردنی ئەو سیستەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسان چاودێری گفتوگۆکانی نێوان ڤاگنەر و حزبوڵڵا دەکەن و لە ئەگەری گەیاندنی ئەو سیستەمەدا “نیگەرانییەکی گەورە” درووست دەبێت.
هەروەها تۆڕی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی لە زاری دوو کەسی ئاگادارەوە لە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نووسیویەتی، “بەشار ئەسەد سەرۆکی رژێمی سووریا رەزامەندی دەربڕیوە کە مووشەکی بەرگری رووسیا بۆ حزبوڵڵا دابین بکات”.
تۆڕەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە گروپی ڤاگنەر ئەرکی گەیاندنی “سیستەمی SA-22ی رووسی”ی پێدەسپێردرێت و سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە روون نییە، ئایا پرۆسەی گەیاندنەکە روویداوە یان نزیکە دەستپێبکات.
ئەو دوو سەرچاوەیە بە ئاژانسە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە، که سیستەمی رووسی لەلایەن مۆسکۆوە بۆ هێزەکانی حکوومەتی سووریا دابین کراوە.
لە سوریا هێزەکانی ڤاگنەر رۆڵێکی گرنگیان بینی لە پاڵپشتیکردنی “بەشار ئەسەد” هاوپەیمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکدا کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لەبەردەم کۆنگرێسدا پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە پەرەسەندنی وابەستەیی نێوان مۆسکۆ و تاران “کاریگەری لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە”، بەڵام هیچ باسی رۆڵی ڤاگنەری نەکرد.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕی بەردەوامی رووسیا لە ئۆکرانیا و دابڕانی ئابووریی رێژەیی وایکردووە کە لە قاڵبدان و فراوان نەبوونی رووداوەکانی ئیسرائیل و غەززە، کارێکی قورس بێت، بەڵام رایگەیاندووە کە مۆسکۆ هێشتا کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە.
لە رووی دیپلۆماسییەوە، هەفتەی رابردوو رووسیا و چین دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان لە دژی بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەکارهێنا، کە تێیدا داوای راگرتنی چەکدارکردنی حەماس و راگرتنی شەڕەکان بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل کردبوو. باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گلەیی ئەوەی کرد کە ئەم رێوشوێنە رێگری ناکات لە هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە کردنەوەی بەرەی باکووری حزبوڵڵا کە میلیشیایەکی سەر بە ئێرانە لە دژی ئیسرائیل لە ئارادان.
لە سەروبەندی وتارێکی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا دوێنێ پێنجشەممە، رایگەیاند، کە 19 شوێنی ئیسرائیلیان “لە یەک کاتدا” بۆردومان کردووە، دواتر ئیسرائیل وەڵامدانەوەی بە بۆردومانی “بە قەبارەیەکی گەورە” لە باشووری لوبنان راگەیاند.
دوێنێ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامی ئەو مووشەکانەیان داوەتەوە، کە لە لوبنانەوە هەڵدەدرێن بە ئەنجامدانی “هێرشی بەرفراوان” بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا.
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای ئیسرائیل پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردە ئامانج و هێرشیان کردە سەر “ژێرخان و بارەگا و دامەزراوەکانی سەر بەوان”.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی فەرمی لوبنان بڵاویکردەوە، لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان پێنج کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، هاوکات حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاندووە، لەنێو ئەو کوژراوانەدا یەکێک لە چەکدارەکانیان هەیە.