بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی پاراستنی کەلتووری رۆژئاڤا.. زانکۆی رۆژهەڵات کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی رێکدەخات

رەققە – نۆرس پرێس

زانکۆی رۆژهەڵات (ئەلشەرق) لە شاری رەققەی رۆژئاوای کوردستان، خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی، کە تیایدا تاوتوێی شێواز و رێگاکانی پاراستنی کەلتووری رۆشنبیری و بەرجەستەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێت.

دوێنێ پێنجشەممە، ماڵپەڕی فەرمی بەرێوبەریی خۆسەریی لە زاری رەنا عەبدولقادر (جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی رۆژهەڵات بۆ کاروباری خوێندکاران) بڵاویکردەوە، کە زانکۆکە خۆی ئامادە دەکات بۆ سازدانی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی خۆی، بەناونیشانی پاراستنی کەلتووری رۆشنبیری بەرجەستە و نابەرجەستە (لایەنە مێژوویی و یاساییەکان).

بە گوێرەی ماڵپەڕی خۆسەریی، کۆنفرانسەکە لە شاری رەققە بەڕێوەدەچێت و لە 5 تا 7ی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) بەردەوام دەبێت.

“رەنا” ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە کۆنفرانسەکەدا لایەنە مێژوویی و یاساییەکانیش دەخرێنە بەر باس و شیکار، بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی کەلتووری بەرجەستە و نابەرجەستەی رۆژئاڤا، هەروەک بڕیارە ئەو کۆنفرانسە  بەشدارییەکی بەرچاوی سەرجەم بەڕێوبەرییە سەربەخۆ و مەدەنیەکان بەخۆوە ببینێت.

ماڵپەڕی خۆسەریی بڵاویکردووەتەوە، کە زیاتر لە دوو مانگە زانکۆی رۆژهەڵات لە رەققە، ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەم کۆنفرانسە و یەکێک لە ئامانجەکانی چەسپاندنی ئاشنابوونی نەتەوە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگایە بە یەکدی، لەوانە ئاشوری، ئەرمەنی، کورد، عەرەب، و ئێزیدی لە سەرانسەری جوگرافیای رۆژئاوای کوردستاندا.