تورکیا پێگەیەکی سوپای سووریا لە گوندەواری قامشلۆ بۆردوومان دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی تورکیا بە تۆپخانە بۆردومانی دەوروبەری خاڵێکی سوپای سووریایان کرد، لە گوندەواری شارۆچکەی ترپەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان.
لەسەرەتای مانگی رابردوودا، فڕۆکەکانی تورکیا بیرە نەوتەکانیان لە گوندی تل خاتوون لە گوندەواری ترپەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ بۆردومان کرد.
شایەتحاڵەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “دەوروبەری خاڵێکی سوپای سووریا بە سێ تۆپ لە گوندەکانی مەلا عەباس و تل خاتون لە گوندەواری شارۆچکەی ترپەسپی بۆردومان کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای چەند خولەکێک لە بۆردوومانکردنی گوندی تل خاتوونی ئێزیدی، گوندی مەلا عەباسی سریانی، کە دەکەوێتە باکووری ترپەسپییەوە بۆردومانکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانە مرۆیی و ماڵییەکانەوە نییە”.
تا کاتی ئامادەکردنی هەواڵەکەش، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاڤا هیچ لێدوانێکی لەسەر بەئامانجگرتنەکە نەداوە.