پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لەسەر پڕکردنەوەی خاڵە سەربازییەکانی نزیک مەخموور رێککەوتن
هەولێر – نۆرس پرێس
پاش چۆڵکردنیان لە لایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، پێگە و خاڵە سەربازییەکانی کامپی مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە چیای قەرەچووخ، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لەسەر پڕکردنەوەی ئەو خاڵانە رێککەوتن.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە لە رووپەڕی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، بەمەبەستی چارەسەریی ئەو شوێنانەی چیای قەرەچووخ لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوێنێ چوارشەممە بە یاوەریی سوپاسالاری پێشمەرگە و چەند فەرماندەیەکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندی سوپای عێراق کردووە، کە لە سوپاسالاری عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و چەندین ئەفسەری باڵای دیکەی سوپای عێراق پێکهاتبوون و بەشێوەی مەیدانی ئەو شوێنانەیان بەسەرکرووەتەوە.
سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە دەڵێت “هەردوولا گەیشتینە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچووغ و جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرایەوە”.
سەرچاوەیەکی سەربازیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە 9 بنكەی سەربازی دابەشکراوە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا، کە 6 بنکەیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەبن و 3 بنکەیان بۆ سوپای عێراق.