بەرپرسێکی ئەمریکی: دواى په‌ره‌سه‌ندنى شه‌ڕى نێوان ئیسرائیل و حەماس، هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سەر ئەمریکا زياديان كردووه‌

واشنتۆن – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئەمریکی هۆشداریدا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەمریکا و وتی  مەترسی هێرشکردنە سەر ئەمریکا بۆ ئاستێکی به‌رز هه‌ڵكشاوه‌.

کریستوفر ڕای، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، لە لێدوانێكدا کە کەناڵی ئەی بی سی نیوز بڵاویکردووەتەوە، بە سەرکردەکانی کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە، دوای ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەڕەشەکان لە دژی ئەمریکا پەرەی سەندووە.

لە سەرەتای شەڕەکەوە ئەمریکا شارەزایانی سەربازی ڕەوانەی تەلئەبیب کردووە و پێش ئەوەش هێزی زياترى ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە، شارەکانی ئەمریکاش ڕووداوی توندوتیژیيان به‌خۆوه‌ بينيوه‌ کە کاریگەرییان لەسەر جولەکه‌ و موسڵمانان هەبووە.

له‌ چوارچێوه‌ى زيادبوونى هه‌ڕه‌شه‌كان ئێف بى ئاى کەسێکی دەستگیرکردووه‌ کە تۆمەتبارە بە هەڕەشەکردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیا بۆ کوشتنی قوتابييه‌ جولەکەکان لە زانکۆی کۆرنێل لە ویلایەتی نیویۆرک.

هه‌روه‌ها تيشك خراوه‌ته‌سه‌ر هەڕەشەیەک کە لەلایەن کەسێکی نیشتەجێی لاس ڤێگاسەوە لەسەر جاکی ڕۆزين ژنە کۆنگرێسی به‌ ره‌گه‌ز جولەکە، کە لەڕێگەی پۆستی دەنگییەوە هه‌ره‌شه‌ى له‌ناوبردنى لێكراوه‌.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ى: ئەڤین یوسف