ئیلهام ئەحمەد: ئاساییكردنەوەی پەیوەندی دیمەشق و ئەنکەرە ئاشتی لێبەدی نایەت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (ئەسەدە) رایگەیاند، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەکانی دیمەشق و ئەنکەرە “ئاشتی ناهێنێت و قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە”.

ئەحمەد لە رێگەی تویتێكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، توركیا “پشتیوانی لە شۆڕشی سووریا نەكردووە، بەڵكو لە رێڕەوی خۆی لایداوە”.

ئەحمەد پێی وابوو کە ئامانج لەم کارە خزمەتکردنە بە ئەجێندا فراوانخوازەکانی تورکیا کە لەسەر بنەمای “کۆلۆنیالیزم، تاڵانکاری و گۆڕانکاری دیمۆگرافی” دامەزراوە.

سەرۆكی دەستەی كارگێڕی “ئەسەدە” سەرنجی بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە تورکیا “وەبەرهێنانی لە پەنابەرانی سووریادا کردووە”.

دوێنێ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ی ئێران بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆماری ڕووسیا بانگهێشتی هاوتا تورک و سوریەکانی کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا  لە ئۆزبەکستان، ئەگەری ئەوە هەیە لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆبوونەوەیەک سەرۆک کۆماری سوریا و تورکیا کۆبکاتەوە.