مەسرور بارزانی لە لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی 1325ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا: هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی ژنە رفێندراوەکانی ئێزدییەکان بەردەوامن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە (ژنان، ئاشتی و ئاسایش) لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی رەگەزیی و تواناسازی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (UN Women) رێکخرابوو.
بە گوێرەی راگەێنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆیان، لە بۆنەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کردووە، تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، کە: “ئامانج لە بڕیاری 1325 نەهێشتنی جیاوازییە بەرامبەر ئافرەتان”.
هەروەها مەسرور بارزانی، لە گوتارەکەیدا، جەختی کردەوەتەوە، کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان كار دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو حکومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی رۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و روبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەتدا”.
ئەمە جگە لەوەی جەختی لە پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال و گەڕاندنەوەی ژنانی رفێنراوی ئێزیدی، لە لایەن داعشەوە، کردەوە و گوتی:
“لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی و پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیری دەڤەری شنگال بهێندرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان”.
بە گوێرەی راگەێنراوەکەی حکمومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکمومەت رایگەیاندووە، کە “هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی ژنە رفێندراوەکانی ئێزدییەکان بەردەوامن”.