ئیسرائیل چەند ناوچەیەک لە باشووری سووریا بۆردوومان دەکات

دەرعا – نۆرس پرێس

درەنگانی شەوی دوێنێ یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل دوو سەربازگەی هێزەکانی حکومەتیان لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا کردە ئامانج.

چەند کاتژمێرێک پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، چاودێری ژمارەیەک مووشەکیان کردووە، کە لە خاکی سووریاوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدراون و لە ناوچەیەکی چۆڵدا بەر زەوەی کەوتوون، ئەمەش وەک ئاماژایەک بۆ ئەوەی کە وەڵامی سەرچاوەی هەڵدانی مووشەکەکان دەداتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتی سووریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “فڕۆکە ئیسرائیلییەکان دوو سەربازگەی هێزەکانی حکومەتیان بۆردوومان کرد، هەروەها چواردەووری شارۆچکەی تەسیل بە چەندین موشەک لە نزیکەی کاتژمێر یەک و نیووی شەودا کراوەتە ئامانج”.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، “فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بە دوو هێرشی ئاسمانی لیوای 112ی فیرقەی پێنجی هێزەکانی حکومەتیان، لە رۆژهەڵاتی شاری نوا لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا، کردووەتە ئامانج “.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان دوو هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر کەتیبەی تۆپخانە کە بە کەتیبەی سوری لیوای 112 ناسراوە لە فیرقەی پێنجەم، هەروەها دوو هێرشی ئاسمانییان کردووە بەبێ ئەوەی ئەنجامی بۆردوومانەکان دیار بن.

هەفتەی رابردوو ئیسرائیل لە رێگەی ئەو بڵاوکراوانەی کە لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا خراونەتە خوارەوە، هۆشدارییان داوە بە سەرکردە و ئەندامانی هێزەکانی حکومەت و بەتایبەت فەرماندەی لیوای 112  کە ئەو سەربازگەیە بەکار نەهێنن بۆ بە ئامانجگرتنی خاکی ئیسرائیل.

روونیشی کردەوە کە “ئەندامانی حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی دیکەی پەیوەست بە ئێرانەوە ئەو سەربازگانە وەک بارەگای کاتی خۆیان بەکاردەهێنن”.

ئەو سەرچاوە حکومییە ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ئیسرائیل بە تۆپبارانی موشەک دەوروبەری شارۆچکەی “تەسیل”یان لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە “بۆردومانەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە میلیشیا پەیوەستەکان بە ئێرانەوە دوو موشەکیان لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعاوە بەرەو جۆلان تەقاندوهەڵداوە”.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەمەد – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی