ئێران میلیشیا بریکارەکانی لە عێراق ئامادە دەکات بۆ روبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
پاش سەرهەڵدانی جموجوڵەکانی دژ بە ئەمریکا و بەئامانجگرتنی پێگەکانیان لە عێراق و سووریا، بە تایبەت دوای پەلاماردانەکەی حەماس لە غەززە و بلێسەسەندنی جەنگەکەی لە گەڵ ئیسرائیل، ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی شەوی هەینی – شەممەدا گەیشتە لوتکە، کە هاوکات بوون لەگەڵ بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەپاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە، لە کاتێکدا ئاژانسی “شەرقولئەوسەت” لە زاری سەرچاوە عێراقییەکانەوە بڵاویکردەوە کە “سوپای پاسدارانی ئێران پێداچوونەوە بە پلانەکانی بڵاوەپیکردنی میلیشیا عێراقییەکانی بریکاریدا دەکات لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە”.
لەمبارەوە هەواڵی ناکۆک سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکان و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لەو پەیوەندییەدا هەبوون، بەڵام سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بۆ ئاژانسەکەیان پشتڕاست کردوەتەوە کە “نێوەندگیرە سیاسییەکان” پەیامیان بە ئەمریکییەکان گەیاندووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە “ئێران نایەوێت بەشداری لە جەنگی غەززەدا بکات، بەڵام لەوانەیە فراوانبوونی هێرشی زەمینی ئیسرائیل ناچاری بکات ئەو کارە بکات”.
ئەو سەرچاوانە روونیان کردوەتەوە، کە ئێران لە رێگەی ئەم پەیامانەوە د ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان ناچار بکەن کە وادەی هێرشە زەمینییەکانیان دوابخەن یان مەوداکانی تەسککەنەوە، دەشڵێن ئێران دەیەوێت سوود لەو ماوە ببینێت تا لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیا بریکارەکانیدا “قەبارە و سروشتی وەڵامدانەوە” بۆ هێرشی زەمینی ئیسرائیل تاوتوێ بکەن.
ئەو سەرچاوانە رایانگەیاندووە، کە لەم رووەوە دۆخێکی سەرلێشێواوی لە نێو “چوارچێوەی هەماهەنگیدا” زاڵە، کە گەورەترین فراکسیۆنی پێکهێنەری حکومەتە لە عێراق، بەهۆی “ئەگەرە ترسناکەکان”ی سروشتی وەڵامدانەوەی مەیدانی بەرامبەر بە ئیسرائیل و رۆڵی عێراق تێیدا، چونکە هێزە شیعەکانی بەشدار لە حکومەتدا هێشتا رەتیدەکەنەوە بەشداری زیاتری لەم قەیرانەدا بکەن.
سەرکردەیەکی “چوارچێوەی هەماهەنگیی” بە “شەرقولئەوسەت” راگەیاندووە، ستراتیژی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ غەززە و جوڵەی دیپلۆماسی بۆ وەستاندنی جەنگەکە “سەرکردەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق رازی ناکات”، سەرەڕای هۆشدارییەکان لەوەی کە پەرەسەندنی مەیدانی هەڕەشە لە حکومەت و دۆخی گشتی وڵاتەکە دەکات.
ئەو سەرکردەیە کە “شەرقولئەوسەت” دەڵێ داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، روونیکردوەتەوە، ئەگەر هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەست پێبکات، جموجۆڵەکانی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بەتەواوی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و ئەوکات حکومەت هیچ رێگەچارەیەکی دیکەی نابێت، جگە لە ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئێرانییەکان.
بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی هەماهەنگی، “سروشتی ئەو پەیامەی ئێران کە گەیشتە ئەمریکییەکان بەو مانایەیە کە تاران ئامادەیە بۆ روبەڕووبوونەوە”.
لە راپۆرتەکانی پێشووی “شەرقولئەوسەت”دا ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران ژوورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، بەڵام جموجۆڵەکانیان لە ئێرانەوە فەرمانیان پێدەکرێت.