لە سەر سنووری عێراق و سووریا.. سوپای پاسداران دەست بەسەر ماڵەکاندا دەگرن و دەیکەن بە بارەگا بۆ خۆیان
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، سوپای پاسداران ئێران دەستی بەسەر ماڵی هاووڵاتییاندا گرت، بۆ ئەوەی بیانکاتە بارەگای سەربازی بۆ خۆی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە “سوپای پاسداران ئێران” دەستی بەسەر زیاتر لە نۆ ماڵی دانیشتوانی دێرەزووردا گرتووە و کردوونی بە بارەگای سەربازی و شوێنی پشوودان بۆ ئەفسەرەکانی، ئەمەش لە ترسی تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم دواییەی فڕۆکەکان بۆ سەر بارەگاکانیان.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە میلیشیایەک کە لە شارۆچکەی بوکەمال ئامادەیە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “سوپای پاسداران دەستی بەسەر ماڵی موعاز ئەلساڵحدا گرتووە لە گەڕەکی ئەلسوکارییە لە گوندەواری بوکەمال، دوای دەرکردنی خاوەن ماڵەکە، بە بیانووی ئەوەی ماڵەکە نزیکە لە یەکێک لە بارەگاکانی و هەڕەشەکردن لە خاوەن ماڵەکە بە دەستگیرکردنی ئەگەر بارەگاکە تووشی هەر هێرشێک ببێتەوە”.
ناوبراو زیادی کرد سوپای پاسداران ئێران دەستی بەسەر دوو ماڵی دوو هاوڵاتی دیکەدا گرتووە، لە گەڕەکی ئەلتەمو لە باشووری شارۆچکەی مەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و کردیان بە بارەگای سەربازی بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا بشارنەوە، لە ترسی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بارەگا سەرەکییەکانیان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “سوپای پاسداران بەنیازە بارەگاکانی دیکە لە چوارچێوەی گەڕەکە چڕ و پڕ دانیشتووەکاندا دابمەزرێنێت، “بەبێ ئەوەی ئاڵا یان دروشم بەسەریاندا هەڵبکات بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامانجی فڕۆکەکان”.
دوو رۆژ لەمەوبەر ئەو، سوپای پاسداران ئێران دەستی بەسەر پارکێکی گەشتیاریدا گرت کە لە کەناری رووباری فورات لە شارۆچکەی مەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، دانیشتووانی زۆر سەردانی دەکەن و رێگریان لە چوونە ژوورەوەی خەڵکی سڤیل کرد، جگە لە خێزانەکانی ئەندامەکانیان.