ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە تانکەکانیان چوونەتە نێو غەززەوە و چەند بنکەیەکی حەماسیان کردووەتەئامانج.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی جڤاکی X رایگەیاند، “سووپاکەمان بە تانک و هێزی پیادەوە چوونەتە نێو خاکی غەززەوە، چەند پێگەیەکی تیرۆریستانیان لە باکووری کەرتەکە کردووەتە ئامانج و گەڕاونەتەوە”.

 لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە هێزەکانیان خۆیان بۆ قۆناغەکانی دیکەی هێرش ئامادە دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ڤیدیۆی چەند تانکێکیان داناوە، کە بە ناوچەیەکەدا دەسووڕێنەوە و چەند شوێنێک دەکەنە ئامانج و چەند باڵەخانەیەکی رووخاویش دەردەکەون.

ئەمەش بە دەستپێکی هێرشی زەمینی ئیسرائیل دادەنرێت بۆ سەر غەززە، لە پاش راگەیاندنی هەفتەی رابردووی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە گوتی: “هێزەکانی سوپا خۆیان بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە ئامادە دەکەن”.

لە راگەێنراوەکەی بەرگری ئیسرائیلدا هاتووە، کە لەو ئۆپەراسیۆنەداهێرشیان کردووەتە سەر چەند سەکۆیەکی مووشەکهاوێژ و چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نێو غەززە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، “لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە، ئەمە گەورەترین هێرشی زەمینییە بۆ سەر غەززە”.

شەڕ و گرژییەکان نێوان حەماس و ئیسرائیل، پاش هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئەم مانگەوە بۆ سەر غەززە دەستیانپێکرد و تا ئێستا تائێستا زیاتر لە 7 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون .

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و روویان لە 150 پەناگەی دروستکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کەرتەکە کردووە.