وەزارەتی سەرچاوەئاوییەکانی سووریا: کەمکردنەوەی پشکی سووریا و عێراق لە ئاوی فورات کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکان هەبووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، جیهاد کەنعان، جێگری وەزیری سەرچاوەئاوییەکان لە حکومەتی سووریا رایگەیاند، کەمکردنەوەی پشکی سووریا و عێراق لە ئاوی فورات کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو سێکتەرەکان هەبووە.

کەنعان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی نیمچە فەرمی، گوتی “بە ئەنقەست بڕینی ئاوی خواردنەوە لە بیرەکانی عەلووکەوە بۆ شاری ئەلحەسەکە و دەوروبەری لە لایەن داگیرکەری تورکیاوە، بووەتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێمە لە حەسەکە لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بکرێت، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دانیشتوان دروستکردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “راگرتنی ئاو پێشێلکارییەکی روونی پەیمانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە بە شێوەیەکی سەلامەت بە مافێکی ئاسایی مرۆڤ دەزانێت و بەکارهێنانی ئاو وەک چەکێک لە ململانێکاندا بە تاوان دادەنێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەمەش کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو کە لە رووباری فوراتەوە، کە لە پرۆتۆکۆڵی کاتی ساڵی 1987دا هاتووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو ئەو کەرتە وابەستانە بە ئاوەوە هەیە لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقدا.

لە پرۆتۆکۆڵی ساڵی 1987دا هاتووە کە دەبێت تورکیا 500 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ سووریا تێپەڕێنێت، کە 58%ی بۆ عێراق، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 1989دا لە گەڵ هەریەکە لە سووریا و عێراقدا واژۆکراوە، بەڵام تورکیا، بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، بڕی تێپەڕاندنی ئاوی بۆ سووریا کەمکردووەتەوە بۆ زياتر لە نيوە.

کەنعان ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی گەیشتووەتە زۆرێک لە عەمبارەکانی ئاوی سووریا، بەتایبەتی لەو بەشانەی کە بەهۆی لێدانی بیر و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەویەوە بەبێ کۆنترۆڵ، تا ڕادەیەکی نیگەرانکەر لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی