لێپێچینه‌وه له توركیا بوه به داواكاری پارێزه‌رانی هه‌رێمی جزیره
قامشلۆ- نۆرس پرێس
یه‌كێتی پارێزه‌ران له هه‌رێمی جزیره ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند، لێپێچینه‌وه له تاوانه جه‌نگییه‌كانی توركیا له به‌رده‌م دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێویسته‌و ئه‌و وڵاته له “تیرۆردا گه‌شتوه‌ته لوتكه.”
ئه‌و داواكارییه پاش ئه‌وه دێت درۆنێكی توركی ناوه‌ندێكی سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی كچه مێرمنداڵهكانی به ئامانج گرت، كه له كاری سه‌ربازی دورخرابونهوهو له ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك منداڵ گیانیان له ده‌ستداو 17ی تریش برینداربون.
یه‌كێتی پارێزه‌ران له رێی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، توركیا گه‌شتوه‌ته “لوتكه‌ی تیرۆر”و كار له‌سه‌ر “قه‌ڵاچۆكردنی رێكخراو” ده‌كات.
هێزه‌كانی توركیا له‌رێی به ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچه‌كه‌و دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان به درۆن هێرشه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش پاش كۆتاییهاتنی لوتكه‌ی سوچی و تاران دێت كه سه‌رۆكانی ئێران و روسیا‌و توركیا له‌لایه‌ك و سه‌رۆكی روسیا‌و توركیای كۆكرده‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه خه‌دیجه ئیبراهیم، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی پارێزان له هه‌رێمی جزیره بۆ نۆرس پرێس وتی، پێویسته دامه‌زراوه مافپه‌روه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ونه جوڵه بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه.
له میانی كۆبونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆیدا، كه پێش چه‌ند رۆژ به‌ڕێوه‌چو، یه‌كێتی پارێزه‌ران له رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا پارێزه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندی گرت به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ده‌ستدرێژییه‌كان پێیان تا بتوانرێت فشارێك دروستبكرێت له‌سه‌ر دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی یاسایی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له سوریادا روده‌دات، به‌پێی قسه‌كانی ئیبراهیم.