24 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و سووریا بریندار بوون

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەگوێرەی کەناڵێکی ئەمریکی، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئەمەریکا لە سووریا و عێراق، 24 سەربازی سوپای ئەمەریکا برینداربوون.

کەناڵی ئێن بی سی نیوز روونیکردەوە، زۆربەی قوربانییەکان لە بنکەی تەنەف بوون لە سووریا، ئەوانی دیکەش لە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق بوون، لە هێرشەکاندا کە لە دوای پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە روویانداوە.

ئاژانسەکە لە زاری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە بنکەی تەنەف لە سوریا 20 سەرباز برینداربوون و 4 سەربازی دیکەش لە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق برینداربوون.

پێشتریش گرووپەکانی لایەنگری ئێران داوایان کردبوو کە ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە، راشیانگەیاندبوو کە بە پێچەوانەوە بنکەکانیان “بەردەوام دەبنە ئامانجی هێرشیان”.

گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی سەر پێگەکانی ئەمریکا راگەیاند و دەڵێن ئەمە وەڵامێکە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل “دژ بە فەلەستینییەکان”.

فەرماندەیی ناوەندیی ئاماژەی بەوەدا کە دامەزراوە سەربازییەکان لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانیان پێنەگەیشتووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر