ئێران بنکەی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور دەکاتەئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر، رۆژهەڵاتی دێرەزوور، رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و زیانی ماڵی لێکەوتەوە.

بەپێی ئامارێک کە بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس تۆماری کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا بە 10 هێرش کراونەتەئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، فڕۆکەیەکی نەناسراو کە پێدەچێت ئێرانی بێت، کێڵگەی نەوتی ئەلعومەری کردۆتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای هێرشەکە لە ئامادەباشیدا بوون، و بە “چڕی” بە ئاراستەی رووبارەکەدا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور فڕیون.

بەپێی سەرچاوەکە، دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکە دەنگی بۆردومان بیستراوە کە ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فوراتیان کردەئامانج، بەبێ ئەوەی شوێنە بەئامانجکراوەکان بزانرێت.

بەرپرسیارێتی هێرشەکە

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، لیواکانی حیزبوڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، دوو بنکەی ئەمریکییان لە سووریا کردۆتە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکرد: “موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دوو بنکەی داگیرکەری ئەمریکییان لە سووریا کردە ئامانج، ئەوانیش (کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر) و (شەدادی) بوون، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و راستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکاوە”.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا دوو درۆنی هێرشبەری لە نزیک پێگەکانی هێزەکانیان لە باشووری رۆژئاوای سوریا تێکشکاندووە “پێش ئەوەی بگەنە ئامانجە مەبەستدارەکانیان و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتووەتەوە”.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، بنکەی تەنەف لەسەر سنوورەکانی سووریا و عێراق و ئوردن لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج، دواتر میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” کە بە حەماسی عێراق ناسراوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.

جموجۆڵەکانی ئێران

بەپێی سەرچاوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو رۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی داخراو لە نێوان سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرکردەکانی گروپی “دیفاع وەتەنی”ی سەر بە حکوومەتی سووریا بەڕێوە چوو، دوای ئەو کۆبوونەوەیە، “دیفاع وەتەنی” کە میلیشیایەکی هەڵسوڕاوە لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە، چەند خاڵ و بارەگایەک بە درێژایی رووبارەکە دامەزراند لە ڕۆژئاوای فورات.

سەرچاوەکانی نۆرس پرێس رایانگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە بارەگاکانی چۆڵکردووە و چەکدارەکانی بۆ ناوچەی حومس لە ناوەڕاستی سووریا گواستووەتەوە، هەروەها سەربازەکانی لە خاکی عێراقەوە هێناوە، کە لە گەڕەکی پوورسەعید لە دێرەزوور کۆبوونەتەوە و بە گرووپ گواستراونەتەوە بۆ شاری حومس.

هەروەها “پاسدارانی ئێران” بە ئەنقەست دروشم و ئاڵا و هێمای میلیشیاکانی خۆی دابەزاند و لەبری ئەوە ئاڵای هێزەکانی حکوومەتی سووریای هەڵکرد.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، “پاسداران” پشووی بۆ ئەندامەکانی قەدەغە کردووە، هەروەها ئەندامانی ناوخۆیی لە پۆستە هەستیارەکانی ناو میلیشیاکاندا بە ئەندامانی سەر بە نەتەوەی عێراقی و لوبنانی گۆڕیوە.

لە رۆژانی پێشوودا، میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێرانیش چەک و هێزی زۆریان بۆ بارەگاکانیان لە دێرەزوور هێناوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان