سەرەڕای پاڵپشتی سەربازی.. ئەمریکا گەورە راوێژکارە سەربازییەکانیش دەنێرێت بۆ ئیسرائیل

هەولێر – نۆرس پرێس

کاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناردنی راوێژکاری سەربازییان بۆ ئیسرائیل راگەیاند، لە نێویاندا جەنەڕاڵێکی باڵا هەیە بۆ یارمەتیدانی پلاندانانی شەڕەکە، ئەمەش پێش ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی ئیسرائیل دێت لە نزیک غەززە.

یەکێک لەو ئەفسەرانەی کە ئاراستەی ناوچەی جێناکۆک کراوە، لیوا جەیمس گلێنی هێزی دەریاییە، کە پێشتر یارمەتی سەرکردایەتیکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی کردووە و لە فەللوجەی عێراقدا خزمەتێکی زۆری کردووە، لەو شەڕە سەختانەی کە سوپای ئەمریکا لەوێ پێی هەستاوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بەبێ ئەوەی ناوی خۆی بڵێت بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە، راوێژکارەکان بەشداری شەڕەکە ناکەن، بەڵکو ئامۆژگاری لەبارەی چۆنیەتی کەمکردنەوەی زیانە سیڤیلییەکان لە شەڕی ناو شارەکەدا پێشکەش دەکەن.

دوێنێ دووشەممە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، گلێن و ئەفسەرە سەربازییەکانی دیکە کە راوێژکاری ئیسرائیل دەکەن “ئەزموونی گونجاویان هەیە لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات”.

ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان لە ژینگەیەکدا کە ئەندامانی حەماس ساڵانێکیان هەبووە بۆ ئامادەکردنی تۆڕی تونێل و دانانی تەڵە لە سەرانسەری ناوچە چڕەکانی باکووری شاری غەززە.

تیمە سەربازییەکە بەشێکە لەو جێگیرکردنە سەربازییانەی، کە پنتاگۆن دایدەمەزرێنێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات کە ئەو ململانێیە توندەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئێستاوە نەبێتە شەڕێکی فراوانتر.

ئەمە جگە لەوەی هەوڵی پاراستنی پێگە ئەمریکییەکانیش دەدات، که له چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار هێرشیان کراوەتە سەر.، کە پنتاگۆن رایگەیاند، پێدەچێت لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی ئەو هێرشانە بکرێت.

کێربی گوتی: ئێران “لە هەندێک حاڵەتدا چالاکانە ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات و پاڵنەرێکە بۆ کەسانی دیکە کە رەنگە بیانەوێت ململانێکان بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە، ئێمە دەزانین کە ئامانجی ئێران پاراستنی ئاستێکی دیاریکراوی نکۆڵیکردنە لەو پاڵپشتییانە، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین ئەو کارە بکەن”.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆککۆمار لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوێنێ دووشەممە، گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە لە “پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و هەوڵە بەردەوامەکانی رێگریکردن لە ناوچەکە، لەنێویاندا جێگیرکردنی سەربازی نوێ”.

دوێنێش بنکەی سەربازی ئەمریکا لە تەنەف و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کرایە سەر، کە میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆیان لێ راگەیاند.

هێرشەکەی دوێنێ دوایین هێرشە لە دوای نزیکەی شەش هێرش لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، کە تێیدا پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەونە بەر هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوای سەرهەڵدانی ململانێ خوێناوییەکان لە غەززە.

پنتاگۆن لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رایگەیاند کە چەندین کەتیبەی سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت و سیستەمی بەرگری بەرزی (THAAD) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە فڕۆکەهەڵگرەکانی فۆرد و ئایزنهاوەر لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا جێگیر دەکات.

ئەمریکا ناردنی راوێژکار و چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر دەکات بۆ پشتیوانییەکی روون لە ئیسرائیل و راگرتنی ئەو هێرشانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر