راگەێنراوێکی ئەمریکی-ئەورووپی داوای ئاساییکردنەوەی ململانێکان دەکات لە غەززە
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرۆکانی دەوڵەتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لە گەڵ “مافەکانی ئیسرائیل”دا بوون بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لە هەمان کاتدا داوای پابەندبوونیان کرد بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و رەوتی مرۆیی هاوکارییەکان.
ئەو بانگەوازانەی سەرکردەکانی رۆژئاوا لەکاتێکدایە کە ترس و دڵەڕاوکێ لە ئارادایە، کە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەبسێنێت بۆ ململانێیەکی فراوانتر.
سەرکردەکان پێشوازییان لە رۆشتنی هاوکارییەکان کرد بۆ ناو غەززە، گوتیشیان هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان بەردەوامن.
راگەێنراوە هاوبەشەکەی سەرکردەکانی ئەو شەش وڵاتە، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوانیان هات، کە پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ئیسرائیل و مافی بەرگری لەخۆکردن لە بەرامبەر ئەوەی بە “تیرۆر” وەسفیان کردووە.
پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی دیپلۆماسی لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی نزیک لەوان لە ناوچەکە، بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و پاراستنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارکردن بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتییەکی هەمیشەیی.
لەلایەکی دیکەوە، حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رێبەری بزووتنەوەکەیان، ئیسماعیل هانییە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، درەنگانی دوێنێ یەکشەممە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، “رێکارەکانی راگرتنی ئەو تاوانانەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی داوە” تاوتوێ کردووە.
هەروەک، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لۆید، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند، ئەمریکا پێشبینی دەکات لە رێگەی تێوەگلانی بریکارەکانی ئێرانەوە ململانێکان پەرە بسێنێت.
واشنتن پێشتر بڕێکی بەرچاو هێزی دەریایی ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە، کە لەنێویاندا دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر و کەشتی پاڵپشتی و نزیکەی 2 هەزار هێزی مارێنز، بۆ یارمەتیدان لە رێگریکردن لە هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە ئێران.
کۆشکی سپی بەڵێنیدا “بەردەوام بێت لە ناردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە”، دوای ئەوەی کاروانی دووەم هاتە ژوورەوە بۆ ناوچەکە، ئیسرائیلیش تا کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی کەرتی گەمارۆدراو.
کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر “رێڕەوی هاوکارییە گرنگەکان بۆ غەززە”، دوای ئەوەی کاروانی دووەمی 14 بارهەڵگر لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە هاتنە ناو غەززەوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی قەبارەی ئەو هاوکاریانەی کە دەچنە ناو غەززە تەنها 4%ی تێکڕای پێداویستی رۆژانەی پێش جەنگەکە بووە و بەشێکی کەمی ئەو هاوکارییانە بووە کە پێویست بووە، بەهۆی تەواوبوونی کۆگاکانی خۆراک و ئاو و دەرمان و سووتەمەنی لەو شارە.
لە لایەکی دیکەوە سەرکردەکانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا پێشوازییان لە ئازادکردنی ئەو دوو بارمتە ئەمریکییە کرد، داوای دەستبەجێی ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتانەیان کرد کە لە دەستی حەماسدا ماونەتەوە.