پاسدارانی ئێران پشتیوانی سەربازیی نوێ بۆ ناوەندی سووریا دەنێرن

دێرەزوور– نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران چەند بارەگایەکی خۆیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چۆڵکرد و لەگەڵ هێزی دیکەدا، کە لە خاکی عێراقەوە دەهاتن، بەرەو شاری حومس لە ناوەڕاستی سووریا جوڵەیان پێکردن.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە دێرەزوور رایگەیاند، سوپاکە دوو بارەگای لە گەڕەکی ئەلجەمیعەت لە شارۆچکەی بوکەمال لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چۆڵ کردووە، هەروەها بارەگای سێیەمیان لە گەڕەکی فەیحا لە هەمان شارۆچکە و دوو بارەگای دیکەشیان لە شارۆچکەی ئەلقوریە و ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چۆڵکردووە.

سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد: “پاسدارانی ئێران” ئەندامەکانیان بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە، لە ترسی ئەوەی لە لایەن فڕۆکەکانەوە بکرێنە ئامانج، بۆ بارەگاکەی خۆیان لە گەڕەکی بور سەعید لە دێرەزوور گواستووەتەوە، دوای ئەوە هێزی پشتیوانی زیاتریان لە ناو خاکی عێراقەوە پێگەشتووە و بە گروپ دەیگوازنەوە بۆ حومس لە ناوندی سووریا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ناوچەکانی رۆژئاوای فورات، دۆخێکی هۆشداریی و ئاگادارکردنەوە بەخۆوە دەبینن لە لایەن سەرکردە پلە یەکەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیا دڵسۆزەکانیانەوە و جموجۆڵەکانیان “سڵەمینەوە”ی پێوەدیارە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان