پاش چەند رۆژێک لە وەگەڕخستنەوەیان.. بۆردوومانێکی ئیسرائیل فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەب لەکار دەخات

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری حکومەتی سووریا رایگەیاند، بۆردومانێکی ئیسرائیلی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەڵەبی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەب لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ئەمەش کەمترە لە هەفتەیەک پاش وەگەڕخستنەوەیان.

چوارشەممەی رابردوو حکومەتی سووریا رایگەیاند کە فڕۆکەخانەی دیمەشق دوای بۆردومانێکی ئیسرائیل کەوتووەتەگەڕ و سێ رۆژ پێش ئەوەش فڕۆکەخانەی حەڵەب وەگەڕکەوتووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلیەوە لە کارکەوتبوو.

وەزارەتی بەرگری لە رێگەیئاژانسەکانیانەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، “نزیکەی کاتژمێر 5:25 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوژمنی ئیسرائیل دەستدرێژییەکی ئاسمانییان ئەنجامدا بە مووشەک لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژئاوای لازقییەوە و لە ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریاوە، فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەبیان بەئامانج گرت”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆردومانەکە “بۆتە هۆی شەهیدبوونی کرێکارێکی سڤیل لە فڕۆکەخانەی دیمەشق و برینداربوونی کرێکارێکی دیکە و زیانی ماڵی بە فڕگەی هەردوو فڕۆکەخانەکە گەشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە خزمەتگوزاری دەربچن”.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی گواستنەوەی سووریا رایگەیاندووە کە “پلانی گەشتەکانی گەیشتن و رۆشتن لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەبەوە بۆ فڕگەی فڕۆکەخانەی لازقییە گواستراونەتەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەک لە دوای یەک نوێکارییەکانی گەشتەکان بڵاودەکەنەوە، لەوانەش گۆڕینی بەروار و شوێن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی