له‌ رۆژهه‌ڵاتى حمس ته‌رمى چوار ئه‌ندامى به‌رگريى نيشتيمانى دۆزرايه‌وه‌

ئه‌مڕۆ، دانیشتوانی شارۆچکەی حمسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سووریا، تەرمی چوار ئەندامی به‌رگريى نیشتمانییان دۆزییەوە، کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە هێرشێکدا بۆ سەر شارۆچکەکە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ڕفێندرابوون.

ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوو، داعش هێرشێکی له‌ناكاوى بۆ سەر شارۆچکەی سوخنە له‌ ڕۆژهەڵاتی حمس دەستپێکرد و چەند خاڵ و بارەگایەکی هێزەکانی حکومەتی کردە ئامانج و توانی ده‌ست به‌سه‌ر بەشێکیاندا بگرێت.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە بەرگریی نیشتمانیى لە شارۆچکەی سوخنە، لە ڕۆژهەڵاتی حمس، ڕایگەیاند، خه‌ڵكى شارۆچكه‌كه‌ تەرمی چوار ئەندامی بەرگریی نیشتمانییان دۆزیوەتەوە, كه‌ شوێنه‌وارى گولـله‌ به‌ جه‌سته‌يانه‌وه‌ ديار بووه‌.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە گەیشتووەتە حەوت ئەندام کە سێ کەسیان له‌ هێزه‌كانی حکومه‌ت بوون، هاوکات تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە هەشت کەسی دیکە نادیارە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ى: ئەحمەد عوسمان