وردەکاریی بەبارمتەگیراوانی دەستی حەماس.. ناسنامەیان چییە و لە کوێن؟

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

دوابەدوای ئەو هێرشە لەناکاوەی کە لە بەرەبەیانی 7ی تشرینی یەکەمدا دەستیانپێکرد، بە گوێرەی ئاماری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین توانیان لانیکەم 200 کەس بە بارمتە بگرن، لەکاتێکدا چەکدارەکانی دوای هێرشکردنە سەر شارۆچکە و بنکە سەربازییەکانی باشووری ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 400 کەسیان کوشت.

لەبەرامبەردا ئیسرائیل غەززەی بە هێرشی ئاسمانی بۆردومان کرد کە هەزاران کەس بوونە قوربانی و رایانگەیاند کە کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن و لە هەمان کاتدا “حەماس” لەناو دەبەن.

ئیسرائیل تانک و هێزەکانی لە نزیک کەرتی غەززە کۆکردەوە و داوای لە فەلەستینییەکان کرد باکووری غەززە چۆڵ بکەن پێش لەشکرکێشییەکی زەمینی چاوەڕوانکراو.

حەماس پێشنیاری ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی کرد، بە گۆڕینەویان بە نزیکەی شەش هەزار فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل رایگەیاند کە گەمارۆدانی کەرتی غەززە بەبێ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کۆتایی نایەت.

پێشبینی دەکرێت دەروازەی رەفح لە نێوان میسر و غەززە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی بڕێکی سنووردار لە یارمەتییەکان، کە لەمڕۆ هەینیەوە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرز هەواڵێکی پەخشی گشتی ئیسرائیل (رادیۆ کان)یان لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاوکردەوە، کە ژمارەی بارمتەکانی ئیسرائیل بە 200 کەس مەزەندە کرد، کە 30 کەسیان منداڵ و مێردمنداڵن و 20 کەسی سەروو 60 ساڵیان تێدایە، کە لە غەززە بە بارمتە گیراون.

حەماسیش دەڵێ بارمتەکان ژامرەیان لە نێوان 200 بۆ 250 کەسن و گوتیشیان، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 20 بارمتە کوژراون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەیان نەخستەڕوو.

دەربارەی شوێنی بارمتەکان، ئیسرائیل دەڵێت بارمتەکان گواستراونەتەوە بۆ غەززە، بەڵام شوێنی وردیان لەناو کەرتی غەززەدا نادیارە، ئەمەش وایکردووە رزگارکردنیان ئاڵۆزتر بێت، پێدەچێت بەشێکی زۆریان لە تۆڕی تونێلی ژێرزەمینیی غەززەدا دەستبەسەکرابن، کە سەربازانی ئیسرائیل بە “میترۆی غەززە” ناوی دەبەن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی ژنێکی فەرەنسی-ئیسرائیلی بە ناوی میا شێم، تەمەن 21 ساڵ بڵاوکردەوە، کە لەکاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی موزیکدا دەستگیرکراوە، ئەو ژنە گەنجە بە برینداری لە قۆڵیدا دەرکەوتووە و لەلایەن پزیشکی فریاکەوتنەوە چارەسەری بۆ دەکرێت.

دەربارەی رەگەزنامەی بارمتەکانیش، لە نێو بارمتەکاندا هاووڵاتیانی دەیان وڵات هەن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆریان هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلین.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیاتر لە 20 هاووڵاتی ئەمریکی بێسەروشوێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانێ دیاری بکات کە چەندیان بە بارمتە گیراون، بەڵام جیم ریچ، سیناتۆری کۆمارییەکان بە رۆژنامەنووسانی راگەیانبوو، کە 10 لەو بارمتانە هاووڵاتی ئەمریکین.

تایلەند ژمارەی هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراوی خۆی بە 17 بارمتە راگەیاند، هەروەها لەنێو بارمتەکاندا هەشت هاووڵاتی ئەڵمانی هەبوون کە نزیکەی نیوەیان لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا راگیراون، بەپێی میدیا ناوخۆییەکان.

ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی ئەرجەنتین لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ خێزانی بارمتەکاندا رایگەیاند، کە 16 هاوڵاتییان دەستگیرکراون.

گوتەبێژی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لانیکەم 9 هاوڵاتی بەریتانیا کوژراون و 7ی دیکەش بێسەروشوێنن، ئەوەش لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل دوێنێ پێنجشەممە، سوناک لەگەڵ کەسوکاری دووان لە بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە، کە پێدەچێت لە غەززە بە بارمتە گیرابن.

بە گوێرەی فرانس پرێس، فەرەنسا بە دیاریکراوی باسی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە غەززە بە بارمتەگیراون نەکردووە، بەڵام بە گوتەی ئاژانسەکە 7 کەسیان بێسەروشوێنن و بەشێکیان بە بارمتە گیراون.

حکومەتی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوڵاتییەکی بەناوی (ئۆفیر ئەنگێل 18 ساڵ) لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بێری رفێندراوە و گواستراوەتەوە بۆ غەززە.

هەروەها پورتوگال رایگەیاندووە، رەنگە 4 هاووڵاتی پورتوگالی-ئیسرائیلی بە بارمتە گیرابن.

ئیتاڵیاش دەڵێت دوو هاووڵاتی ئیتاڵی-ئیسرائیلی بێسەروشوێنن و پێدەچێت رفێنرابن.

باڵی سەربازی حەماس لە 16ی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، ئەو رفێنراوانەی ئیسرائیلی نین، “میوان”ن و “کاتێک بارودۆخ رێگە بدات” ئازاد دەکرێن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەنەڕاڵ “گال هیرش”ی خانەنشینکراوی وەک رێکخەری ئیسرائیل بۆ کاروباری بارمتە و بێسەروشوێنەکان دەستنیشان کرد.

فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە له و وتووێژانەدا رایگەیاند، ناوبژیوانانی قەتەری ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە هەوڵیانداوە دانوستان بکەن بۆ ئازادکردنی ژن و منداڵە ئیسرائیلییەکان، کە لە لایەن حەماسەوه دەستگیر کراون، بەرامبەر بە ئازادکردنی 36 ژن و منداڵی فەلەستینی، لە زیندانەکانی ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە توانرابێت ئەو رێککەوتنە بکرێت.

رۆژی سێشەممەی پێشوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لەگەڵ حەماس گفتوگۆ دەکات بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی بیانییەکان و کەسانی سڤیل و منداڵان، ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورکایی راگەیاندووە، وڵاتان، لەوانە ئەمریکا و ئەڵمانیا داوای هاوکارییان لە ئەنقەرە کردووە بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییانیان.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دۆزینەوەی ئەو بارمتە ئەمریکییانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، ئەمریکا تیمێکی بچووکی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ناردووە بۆ ئیسرائیل بۆ هاوکاریکردن لە هەواڵگری و پلاندانان بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی رزگارکردنی بارمتەکان کە رانگە پاش بێهیوابوون لە دانووسان، ئەنجام بدرێت.

سوناکیش ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی هەوڵی هاوکاریکردنی دەستەبەسەرکراوان و گەڕانەوەی بارمتەکان بدات.

فێرناندێزیش ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ئەرجەنتین لەگەڵ هێزەکانی هەواڵگری ئیسرائیل گفتوگۆ دەکات بۆ دیاریکردنی شوێنی بارمتە ئەرجەنتینییەکان.

ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە بۆ ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس، کە بە تۆمەتی کوشتن و بارمتەگرتن، بەپێی یاسای ئەڵمانیا، داواکارانی گشتی پابەندن بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدرابن، لە ئەگەری پەیوەستییان بە هاووڵاتیانی ئەڵمانییەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس و رۆیتەرز