دوو میلیشیای سەر بە تورکیا رێگری دەکەن لە چنینەوەی بەرهەمەکانی زەیتون لە عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

دوو میلیشیای سەر بە “جەیش وەتەنی” هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە، بە بیانووی نزیکییان لە هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سووریا، رێگرییان لە جوتیارانی گوندەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی عەفرین کرد، کە بەروبوومەکانی زەیتون بچننەوە.

لە سەرەتای وەرزی چنینەوەی زەیتوون، لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگەوە، نۆرس پرێس لە رێگەی پەیامنێرەکانییەوە چاودێری ئەو میلیشیانەی کردووە کە سەرانە بە دۆلار بەسەر جووتیاراندا دەسەپێنن لە بەرامبەر رێگەدان بە چنینەوەی بەرهەمەکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، جووتیارێک لە دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، میلیشیاکانی “فەیلەق ئەلشام” و فیرقەی حەمزە “الحمزات” کە هەردووکیان سەر بە تورکیان، رێگرییان لە دەیان جووتیاری گوندەکانی (باسوفان، براد، بورج حەیدەر، و کەباشین) کردووە، لە باشووری عەفرین، لە چنینەوەی بەرهەمەکانی زەیتوون لە زەویەکانی نزیک هێڵی بەرکەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سووریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیاکان جووتیاران بە “سیخوڕ و بەکرێگیراو و چاودێریکردن بەسەر شوێنە سەربازییەکانیانەوە” تۆمەتبار دەکەن، بەو پێیەی ئەم رێگریانە هاوکات بوون لەگەڵ دەستگیرکردنی سێ جوتیاری دانیشتووی ناوچەکە، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر و پاش چەند رۆژێک ئازادکردنیان بەرامبەر بە بڕە پارەیەک وەک سەرانە بە ناوی “فیدیە”وە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، “فەیلەق ئەلشام” تەنها رێگە بەو جووتیارانە دەدەن بەروبوومەکانیان بچنەوە، کە لە بەرامبەردا 60%ی بەروبوومەکەیان دەدەن بەوان، لەکاتێکدا زۆرێک لە جوتیاران رەتیانکردووەتەوە ئەو بڕە زۆرە بەوان بدەن، ئەمەش ترسی لای جوتیارانی ئەو ناوچانە دروستکردووە کە ئەمساڵ بەروبوومەکانیان نەچنرێتەوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – مۆنتاژ: مالین محەمەد