برینداربوونی دوو کۆچبەری سووری بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا لە گوندەواری عەفرین
گوندەواری عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو کۆچبەری سووری، کە لە نێویاندا ژنێک هەبوو، بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا بریندار بوون و 15 کەسی دیکەش، یەکێکیان ژن بوو، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا لە شارۆچکەی ئەلمەبروکە لە رۆژئاوای سەرێ کانیێ، لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو، دەستبەسەر کران.
بەپێی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، لە ماوەی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا 64 کەس بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا لە سنووری سوریا و تورکیا بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە “شورتەی عەسکەری” هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، جەندرمەی تورکیا کۆمەڵێک کەسیان کردووەتە ئامانج لەکاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی دیواری سنووریی لەگەڵ تورکیا، لە شارۆچکەی مەبروکە، لە رۆژئاوای سەرێ کانیی، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی گەنجێک و ژنێک و دەستبەسەرکردنی 15 کەسی دیکە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کچێک و پیاوێک لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوور لەگەڵ 25 کۆچبەری دیکە لە نزیک شارۆچکەی حارم لە رۆژئاوای ئیدلب لەلایەن جەندرمەکانی تورکیاوە بریندار کران.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، جەندرمە بریندار و دەستبەسەرکراوەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سەر بەخۆیان، بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت پێش ئەوەی لە دەروازەکانی گرێ سپێ یان سەرێ کانیێوە رادەستیان بکاتەوە.