فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کەوتەوەکار

دیمەشق – نۆرس پرێس

حکومەتی سوریا رایگەیاند کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەکەوێتەوەکار، ئەمەش دوای بۆردومانێکی ئیسرائیل دێت، کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر فڕۆکەخانەکەی لەکار راگرت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەبیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە فڕۆکەخانەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سوریا لە زاری باسم مەنسور، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەدەنی سوریاوە بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بە هێرشە ئاسمانیەکەی ئیسرائیل لەخزمەتگوزاری دەرچوو، بەم نزیکانە کارەکانی دەستپێدەکاتەوە.

مەنسور گوتی: “فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمەوە دەست بە کارەکانی دەکاتەوە، دوای چاککردنەوەی ئەو بەشانەی فڕگەکە، کە لەلایەن دوژمنەوە بۆردومان کرابوون”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی