میلیشیایەکی سەر بە تورکیا سەرانەیەکی نوێ لە جوتیارانی عەفرین “بە دۆلار” وەردەگرێت
عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، میلیشیایەکی سەر بە تورکیا بە ناوی “سوڵتان سلێمان شا” کە بە “ئەلعەمشات” ناسراوە، لە بەرامبەر هەڵکەندنی بیری ئاوی ژێر زەویدا بۆ ئاودێریکردنی زەویەکانی گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاڤا، سەرانەیەکیان بەسەر جووتیاراندا سەپاند، کە بە 1000 دۆلاری ئەمریکی مەزەندە دەکرێت.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، سەرەتای ئەم مانگە ئەندامان و سەرکردەکانی “ئەلعەمشات” لەگەڵ دانیشتووانی ناحیەی “شییە” کۆبونەوە و ئاگاداریان کردنەوە بە سەپاندنی سەرانەیەک بە بڕی 9 دۆلاری ئەمریکی، لە بەرامبەر دروێنەکردنی هەر درەختێکی زەیتون لە لایەن خاوەنەکانیەوە.
کارگێڕێک لە ئەنجوومەنی ناحیەی “ماباتا”ی سەر بە تورکیا، لە گوندەواری عەفرین رایگەیاند، فمیلیشیای ئەلعەمشات هەزار دۆلاریان بەسەر جووتیاراندا سەپاندووە لە بەرامبەر هەڵکەندنی بیرێک بۆ ئاوی ژێر زەوی وەک جۆرێک لە سەرانە، لە ناوچەکانی شێخ حەدید، جندرێس و ماباتا، کە لە ژێر داگیرکاریی ئەو گروپەی سەر بە تورکیادان.
جووتیارانی هەرێمی عەفرین بەهۆی کەمی ئاوی ئاودێرییەوە، لە دۆخێکی خراپی کشتوکاڵیدا دەژین، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاوی دەریاچەی مەیدانکییان دزی و گواستیانەوە بۆ بەنداوی رەیحانییە و پەمپە ئاوییەکانیان لەسەر رووباری عەفرین دانا، کە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی ئاستی پشکی ئاوی تەرخانکراو بۆ جووتیاران کەمبووەتەوە، بەپێی هەمان سەرچاوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران لە ترسی زوڵم و زۆری ئەوانەی کە پێی دەڵێن “شەبیحەی ئەلعەمشات”، دەترسن لە تۆمارکردنی سکاڵا لای لایەنی بەرپرس، ئەمەش وایکردووە زۆرینەیان، بە هۆی نەبوونی پارەی سەرانەوە، نەتوانن بیر هەڵکەنن، ئەمە چجای تێچووی هەڵکەندنی بیرەکە. ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد