لە بۆردوومانێکی رووسیادا لە باکووری رۆژئاوای سوریا 20 چەکداری میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن کورژران

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە بنکەی حمێمیم لە سوریا، کوژرانی زیاتر لە 20 ئەندامی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای دڵسۆز بۆ تورکیای، لە هەڵمەتەکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیدا بۆ سەر شوێنەکانی چاککردنەوەی زرێپۆشەکانیان، لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە راگەیاند .

فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانکردنی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریایان پەرەپێداوە، ئەمەش دوای هێرشەکەی سەر کۆلێژی سەربازی “حومس” لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، بەو پێیەی حکومەتی سوریا “رێکخراوە تیرۆریستییەکان”ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە پشت هێرشەکەوەن.

جێگری سەرۆکی ناوەندەکە، ڤادیم کۆلێت، گوتی، “لە بەرامبەر بۆردومانە بەردەوامەکانی پێکهاتە چەکدارییە نایاساییەکان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا و دامەزراوە مەدەنییەکان، هێزی ئاسمانی رووسیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 3 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەیەک ئەنجامداوە کە بەکاریاندەهێنا بۆ چاککردنەوەی زرێپۆشەکانی سەر بە چەکدارەکان”.

هەینی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا نزیکەی 10 هێرشی ئاسمانییان لە دەوروبەری گوند و شارۆچکەکانی چیای زاویە لە باشووری ئیدلب ئەنجامدا و بەپێی سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن، ژنێک کوژراو و کەسێکی بەساڵاچوویش برینداربوو.

کۆلێت زیادی کرد، “ئەو هەڵمەتانە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 20 چەکدار، جگە زیانگەشتن بە حەشارگە و وەرشەکانی چاککردنەوەی تانک و دوو ئۆتۆمبێل و نزیکەی 10 بارهەڵگری بچووک”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد