ئیسرائیل ئێران تۆمەتباردەکات بە هەوڵدان بۆ کردەنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لە رێگای سوریاوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد، کە هەوڵی کردنەوەی بەرەی دووهەمی جەنگ دژ بە وڵاتەکەیان دەدات، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەک لە ناو سوریا یان لە رێگەی سوریاوە.
ئەو تۆمەتە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشی بەرپەرچدانەوەی لە کەرتی غەززە بەرەو باشوور پەرەپێدەدات، هاوکات ئێوارەی دوێنێ شەممە، سوریا و ئیسرائیل ئاڵوگۆڕی مووشەکباران و تۆپبارانی یەکدییان کرد.
لە وەڵامی پۆستێکدا لە تۆڕی چڤاکیی X کە سیناریۆیەکی لەو شێوەیەی خستەڕوو، جوشوا زەرکا، بەرپرسی کاروباری ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی: “ئەوان (ئێرانییەکان) بەو شێوەن”.
ئەو پۆستەی کە زەرکا وەڵامی داوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیلییەکان بڕیاریانداوە رێگری لەم جۆرە پێشهاتانە بکەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ وەڵامدانەوەیەک بۆ ئاگرکەوتنەوە لە بەرەیەکی گوماناوی لە باکووری وڵاتەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە تۆپباران وەڵامی ناوچەکانی سوریایان داوەتەوە، چونکە دوو موشەک بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستەکراون و بەر ناوچە چۆڵەکان کەوتوون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، مووشەکێکی رێگریکەریان بەرەو “ئامانجێکی گوماناویی” تەقاندووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتریان نەخستووەتەڕوو.
پێش ئەوەش، سوریا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەینی رابردوو هێرشی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەب دەستپێکردووە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگری سوریا پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقییە، بۆ جاری دووهەم کردۆتە ئامانج و بەو هۆیەوە لەکار کەوتووە.