لە راگەێنراوێکی نوێدا کۆشکی سپی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا بە “مەترسی راستەقینە” باس دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری 13894ی درێژکردەوە، کە لە 14ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا، تایبەت بە هەڕەشەکان بۆسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەرکراوە و بەشێکی تایبەتە بە دۆخی سووریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

لە راگەێنراوێکی “توند”دا دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا، کۆشکی سپی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە سەرۆکی ئەمەریکا هێرشەکانی تورکیا بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە دەبینێت.

راشیانگەیاندووە، “هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڕەشەن لەسەر هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و ژیانی خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە و هاوکات هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە”.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە “هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکە، هەڕەشەی زۆر گەورە و راستەقینەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا”.

بە گوێرەی راگەینراوەکەی، هەر لەو روانگەیەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری 13894، لەنێویدا بڕگەی  202 کە تایبەتە بە دۆخی سووریا، بۆ ماوەی ساڵێک درێژدەکاتەوە و لەدوای 14ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە بە چالاکی دەمێنێتەوە.

هاوکات ئەو راگەیەندراوەی کۆشکی سپی دەچێتە نێو بەیاننامە فیدڕاڵییەکان و ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکاش دەکرێت و چالاکییەکانی سوپای ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوامی پێدەدرێت.