ئێران بە ناو خاکی عێراقدا پشتیوانی سەربازی دەهێنێت بۆ سووریا

دێرەزوور – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هێز و پشتیوانی سەربازییان، لەناو خاکی عێراقەوە هێنا بۆ بارەگاکانیان لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.

هێنانی ئەو هێزانەی ئێران، لەژێر رۆشنایی بۆردومانی فڕۆکەی نەناسراودا دێن، کە بۆردومانی پێگە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکەن، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا و بەهۆیەوە ئەندامانیان گیانیانلەدەستداوە و کۆگا لۆجستیەکانیشیان لەناوچوون.

سەرچاوەیەکی سەربازیی لە لیوای قودس رایگەیاند، گروپەکانی لایەنگری ئێران زیاتر له هەشت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان هێناوەتە نێو خاکی سووریاوە، کە لە کاتژمیرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، لە نزیک دەروازەی هێڵی ئاسن لە خاکی عێراقەوە هێنراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کاروانانەی چوونەتە ژوورەوە، کەرەستەی لۆجستی و تەقەمەنییان تێدا بووە، جگە لە دوو ئۆتۆمبێل کە چەکداریان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هەڵگرتبوو.

ئۆتۆمبێلەکان چوونەتە ناو بارەگای “قودس”ی سەر بە ئێرانەوە لە شارۆچکەی بوکەمال، ئەو چەکدارانەش، کە لە خاکی عێراقەوە هاتوون گواستراونەتەوە بۆ بارەگایەکی سەربازی تەنیشت نەخۆشخانەی ئەلشیفا، لە شارۆچکەی ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان